Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 22:45

وەزیری دەرەوەی سعوودیە: پەنابردنە بەر کاری سەربازی بەدوور نازانم

کوردستان TV
100%

ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بژاردەی پەنابردنە بەر کاری سەربازی وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بەدوور نازانێت و جەختی کردەوە کە ریاز لە بەرامبەر گوشارەکاندا تەسلیم نابێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ریاز سازکرا، بن فەرحان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە گوشار بخاتە سەر دراوسێکانی، بەڵام ئەم کارانە لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە بە زیانی خۆیان دەشکێتەوە."

 وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند: "ئێمە مافی خۆمان دەپارێزین لە گرتنەبەری ڕێکاری سەربازی ئەگەر ناچار بکرێین. سعوودیە و وڵاتانی کەنداو ئیبتزاز و سەرانەوەرگرتن قبوڵ ناکەن و هەر پەرەپێدانێکی گرژییەکان لە لایەن ئێرانەوە، بە توندتر وەڵام دەدرێتەوە."

ئەم هۆشدارییانە دوای ئەوە دێن ڕۆژی چوارشەممە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ریازی پایتەخت بیسترا. وەزارەتی بەرگری سعوودیە ڕایگەیاند چەند مووشەکێکی بالیستییان لە ئاسمانی شارەکە تێکشکاندووە، هاوکات دوو مصفای نەگوتیش لە ناوچەی ریاز کرانە ئامانج.

بن فەرحان لەو بارەیەوە گوتی: "کاتێک دەبینم هێرش دەکرێتە سەر مصفای نەوت لە ناوچەیەکی مەدەنی کە هیچ چالاکییەکی سەربازی لێ نییە، دەپرسم ئامانج لەم کارە چییە؟ پێویستە ئێران تێبگات کە ئەم کردەوانە لێکەوتەی مەترسیداریان دەبێت."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان کرد بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانیان.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەو پاساوەی ئێرانیشی ڕەتکردەوە کە گوایە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" دەکاتە ئامانج و جەختی کردەوە کە قوربانییەکانی ئەم هێرشانە تەنیا مەدەنییەکان و ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.