Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 06:20

سێنتکۆم ئاماری زیانە گیانییەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران ڕادەگەیەنێت

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ململانێ چەکدارییەکانی دژ بە ئێران بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووش تێکشکێندراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، تیم هاوکین، گوتەبێژی سێنتکۆم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە دەستپێکی ململانێکانەوە لە 28ـی شوبات، 13 سەربازیان گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 200 سەرباز بریندار بوون؛ لەو ژمارەیەش 180 سەربازیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، لە کاتێکدا 10 سەربازیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەو سەربازانە لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی کوێت، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، عێراق و ئیسرائیل بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. هاوکین جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکانی ئێران تەنها بنکە سەربازییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو نێردە دیپلۆماسییەکان، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی وزەی وڵاتانی ناوچەکەشی کردووەتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا زیانێکی تەکنیکی گەورەی بەرکەوتووە و تا ئێستا 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری MQ-9 تێکشکێندراون. ئەم جۆرە فڕۆکەیە کە بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا دادەنرێت، توانای هەیە لە بەرزی 50,000 پێ بۆ ماوەی 27 کاتژمێر چاودێری وردی ئامانجەکان بکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.