وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ و كەنداو گرت كە رێگە دەدەن لەناو خاكەكەیاندا هێرش بكرێتە سەر ئێران.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند: تا ئێستا هەزاران خەڵكی مەدەنی ئێرانی بەهۆی هێرشە هاوبەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كوژراون، لەنێویاندا زیاتر لە 200 منداڵ هەن.
راشیگەیاند: راپۆرتەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ كە مێوانداری هێزەكانی ئەمریكایان كردووە، رێگەیان پێ دەدەن هێرش بكەنە سەر ئێران و ئەم كۆمەڵكوژییە ئەنجام بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای روونكردنەوەی بەپەلەی لەو وڵاتانە كرد بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی كەنداو كە بنكەی سەربازیی ئەمریكیان تێدایە و هەندێکیان لە سەرەتای شەڕەوە کەوتوونەتە بەر هێرشەكانی ئێران.
عێراقچی لە كاتێكی دیكەی ئەمڕۆ دووشەممەدا رایگەیاندبوو كە وڵاتەکەی تا ئەو شوێنەی پێویست بکات بەردەوامی بە شەڕ دەدات و ڕووبەڕووی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.