جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان، هێرشە بۆ سەر ناسنامەی شارستانییەتی ئێران و ئەو موڵکە کلتوورییانەی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئادار، کازم غەریبئابادی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) بڵاوی کردەوە: "زیانگەیاندن بە دەیان شوێنەواری مێژوویی و کلتووری ئێران لە کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئەوە دەسەلمێنێت ئەو دوو وڵاتە دەست بۆ میراتی کلتووری و شارستانییەت درێژ دەکەن و سڵ لە هیچ ناکەنەوە".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دۆخە دەربڕینێکی ڕوونی پێشێلکارییەکی سیستماتیکی یاسا نێودەوڵەتییەکانە لە لایەن هەردوو ڕژێمی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا کازم غەریبئابادی جەختی کردەوە، ئەو شوێنەوارانەی کراونەتە ئامانج، خاوەنی پارێزبەندی یاسایین و هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەریان بە بەزاندنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ناسنامەی مرۆڤایەتی دادەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.