سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی نازماوە بە گوژمەی 460 ملیۆن دینار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە دەکاتەوە، تەنانەت لە ژێر کاریگەریی بارودۆخە نائاساییەکاندا.
ئەمڕۆ شەممە، ئەندازیار هێرش جەعفەر، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کارزان کاکل، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەو دۆخە نائاسایی و سەردەمی جەنگە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە سارد نەبووەتەوە و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان."
لەبارەی وردەکاریی پڕۆژە نوێیەکە، ئەندازیار هێرش ئاماژەی بەوە کرد پڕۆژەکە تایبەتە بە قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی نازماوە، گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە 460 ملیۆن دینارە و تەواوی تێچووەکەشی لەسەر بودجەی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دابین کراوە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، کە تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بە کوالێتییەکی بەرز کارەکان بە ئەنجام بگەیەنن. ئامانجی شارەوانی ئەوەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی قۆناغەکانی پڕۆژەکە کۆتایی پێ بهێنرێت بۆ ئەوەی سیمایەکی شارستانی بە گەڕەکەکە ببەخشرێت و کێشەی هاتوچۆی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.