حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم پەلامارانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی کوردستان و عێراقە، هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیاریەتییەکانی بەرامبەر گرووپە لەیاسادەرچووەکان هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و تەواوی ئەو پەلامارانە دەکات کە دەکرێنە سەر خاک، دامەزراوەکان و نێردە دیپلۆماتییەکانی هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی کوردستان و عێراق.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەم پەلامارە ناڕەوایانەدا، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆری ماددی بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.