Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 12:38

 له‌باره‌ی شه‌ڕو گرژییه‌كانی یاریه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ یانه‌ی وه‌رزشی سۆران راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ یاری نێوان یانه‌ی وه‌رزشی سۆران و یانه‌ی بازیان له‌ خولی تۆپی پێی كوردستان گرژی و شه‌ڕو پێكدادان دروست بوو و بووه‌ هۆی برینداربوونی سه‌ختی یاریزانان و ستافی یانه‌ی وه‌رزشی سۆران، دواتر دوای یاریه‌كه‌ یانه‌ی وه‌رزشی سۆران راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی..  

 

بابەت :بـەیـانــنــامــە

بۆ بەڕێز/یەکێتی تۆپی پێی کوردستان

بەیاننامەیەک بۆ پاراستنی کەرامەتی وەرزش و خوێنی ڕژاوی پاڵەوانەکانمان...

​لە دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی سۆرانەوە

​بەداخێکی قووڵ و نیگەرانییەکی زۆرەوە، ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆ چیمەنی سەوزی یاریگا، لەبری ئارەقەی ماندووبوونی یاریزانەکانمان، بە خوێنی ناحەقی ئەوان سوور کرا! ئەوەی ئەمڕۆ لە یاریی نێوان یانەکەمان سۆران و یانەی بازیان ڕوویدا، یارییەکی تۆپی پێ نەبوو، بەڵکو پەلامارێکی چەکداریی ڕێکخراو و خاچدانی تەواوی بەها وەرزشی و یاساییەکان بوو.

​کاتێک پاڵەوانەکانمان بە شایستەیی و هێزی بازووی خۆیان گۆڵی سەرکەوتنیان تۆمار کرد، لەبری چەپڵەڕێزان، بە لولەی تفەنگ و زەبری چەک وەڵام دراینەوە! هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی زەق دەستوەردانیان کرد و فشاریان خستە سەر ناوبژیوان بۆ ڕەتکردنەوەی گۆڵەکەمان.

ناوبژیوانیش لە ژێر هەڕەشەی ئەو چەکدارانەدا، دادپەروەریی وەرزشیی سەربڕی و گۆڵی سەرکەوتنی ئێمەی ڕەتکردەوە.

​کارەساتە گەورەکە لێرەوە دەستی پێکرد؛ هێزەکانی ئاسایش بە چەکی زیندووەوە هێرشیان کردە سەر ئەو گەنجانەی کە تەنها درێسی وەرزشییان لەبەردابوو، تەقەیان کرد و پشێوییەکی گەورەیان نایەوە.

ئێمە لێرەوە ڕوو لە ویژدانی گشتی و دەسەڵاتداران دەکەین و بە دەنگێکی بەرز دەپرسین: ئایا لێدانی قۆنداغی کڵاشینکۆف لە سەری یاریزانی سۆران ڕەوایە؟ چ یاسایەک ڕێگە دەدات پاداشتی گەنجێک کە نوێنەرایەتیی شکۆی شارێک دەکات، خەڵتانکردنی بێت لە خوێن لە ناوەڕاستی یاریگادا؟!.

 بەهۆی ئەم پەلامارە دڕندانەیەوە، ژمارەیەک لە یاریزانەکانمان بە سەختی بریندار کران و بەهۆی کەمبوونەوەی یاریزانەکانمان لە گۆڕەپانێکدا کە بووبووە مەیدانی شەڕ، نەمانتوانی یارییەکە کۆتایی پێ بهێنین.

​وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و یاسایی، ئەم ڕاستییانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی:

​یەکەم// بەڵگەی حاشاهەڵنەگر: یارییەکەی ئەمڕۆ بەبێ ئامادەبوونی هیچ هاندەرێک بەڕێوەچووە. دەپرسین: کاتێک هیچ جەماوەر و هاندەرێک لە یاریگادا نییە بۆ دروستکردنی پشێوی، هێزی ئاسایش بە چەکی قورسەوە لە ناو یاریگادا چی دەکات؟ بۆچی دەبێت چەکدارێکی ئاسایش بچێتە سەر هێڵی یاریگا و ڕاستەوخۆ لە تەنیشت لایمەن - یاریدەدەری ناوبژیوان ڕابوەستێت؟! ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بوونی ئەم هێزە بۆ پاراستنی ئاسایش نەبووە، بەڵکو تەنها بۆ تیرۆری فیکری و سەپاندنی بڕیار بووە بەسەر ناوبژیواندا بە زەبری چەک.

​دووەم// بەپێی هەموو یاسا و پڕۆتۆکۆڵەکانی ناوخۆ، ئەرکی پاراستنی یاریگاکان لە تایبەتمەندیی هێزەکانی پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان دایە، نەک ئاسایش. بەسەربازگەکردنی یاریگا و تێکەڵکردنی ئەم ئەرکانە، پێشێلکارییەکی زەقە کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لێپرسینەوەی توندی لەسەر بکەن.

​سێیەم// دڵنیایی دەدەینە جەماوەری وەرزشدۆستی سۆران، کە ئێمە سازش لەسەر یەک دڵۆپە خوێنی یاریزانەکانمان ناکەین و کەرامەتی شارەکەمان لەسەروو هەموو ئەنجامێکەوەیە.

​لە کۆتاییدا؛

ئێمە ئێستا بە فەرمی لە چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانین. چاوەڕێین بزانین ئایا لەم هەرێمەدا یاسا سەروەرە یان زەبری چەک؟ ئایا یەکێتییەکە دەتوانێت شکۆی خۆی و یاریزانان بپارێزێت و مافی پێشێلکراوی سۆران بگەڕێنێتەوە؟ .

تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی یەکێتیی تۆپی پێی كوردستان دایه‌ و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم کەیسە لە ئەستۆی ئەواندایە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.