Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 00:14

ئاسایشی هەولێر ئاگادارییەك بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

ئاسایشی هەولێر ئاگادارییەكی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "هەر كەسێك وێنە و ڤیدیۆی راستەوخۆ یان ڤیدۆی کامێرای چاودێری شوێنی هێرش و رووداوەكان بڵاو بكاتەوە، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر".

لە ئاگادارییەكەی ئاسایشی هەولێر كە ئەمشەو پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە هاتووە "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاڵپشت بە ڕێنمایی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەینەوە کە هەر كەسێك گرتەڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری شوێنی ڕووداوەکان بڵاو بکاتەوە، یان بیدات بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، هەروەها بڕواتە شوێنی ڕووداوەکان و وێنەی بگرێت و ڕاستەوخۆ بکاتەوە ڕێکاری یاسای بەرامبەر دەگرینەبەر و خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە یاسا".

لە ئاگادارییەكەی ئاسایشی هەولێر هەروەها هاتووە "لە کاتی بوونی هەر ڕووداوێک یان ناردنی فایلی ڤیدیۆ و زانیاری دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن".

هەر ئەمشەو پێنجشەممە لە كاتێكی دیكەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند رێنماییەكی بۆ هاووڵاتییان و دەزگاكانی راگەیاندن سەبارەت بە وێنەگرتن لە كاتی هێرش و بۆردومانەكاندا بڵاو كردەوە كە بریتین لە مانەی خوارەوە:-

یەكەم/ هەر كەسێك ڤیدیۆی كەوتن یان ئاراستەكردنی درۆن بگرێت، با تەنیا بۆ ژمارەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بنێرێت، چونكە بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە بدرێتە میدیاكان، یان لە پەیج و هەژماری كەسی بڵاو بكرێتەوە، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

دووەم/ نزیكبوونەوە لەو شوێنانەی كراونەتەوە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی دیمەنەكانیان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

سێیەم/ دەزگاكانی راگەیاندن دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن و شوێنی رووداوەكان ئاشكرا نەكەن، هەر كەناڵێك پابەند نەبێت رێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.