ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا ئەنجامدرا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆک ترەمپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە، و ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.
بە هەمانشێوە سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆک ترەمپی کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی تۆم باراکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسییەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و ڕایگەیاند کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبوون و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەکدا.
سەرۆک بارزانی هەروەها ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.