بەرپرسێكی باڵای ئێرانی ئاستی بریندارییەكەی موجەتبا خامەنەیی رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرا كرد، جەختیشی كردەوە كە ئێستا خەریكی ئەنجامدانی كارەكانی رۆژانەیەتی.
بەرپرسەكەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) گوتوویەتی: موجتەبا خامەنەیی رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بە "سووكی" بریندار ببووە.
هەروەها گوتوویەتی: ئێستا تەندروستی موجتەبا خامەنەیی باشە و لە راپەڕاندنی كارەكانی رۆژانەی بەردەوامە.
ئەو بەرپرسە كە ئامادەنەبوو ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، تەنانەت ئامادەنەبوو كات و شوێنی برینداربوونی موجتەبا خامەنەیی تەمەن 56 ساڵیشی ئاشكرا بكات.
سەرلەبەیانی رۆژی 28ی مانگی رابردوو لە یەكەم هێرشی ئاسمانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ماڵی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومان كرا لەو كاتەی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ئێران لەوێ بوون و خەریكی كۆبوونەوە بوون، رۆژی دواتر ئێران كوژرانی عەلی خامەنەیی و سەرجەم بەرپرسەكانی دیكەی رایگەیاند.
ئەو كات وا بڵاوكرابووەوە كە موجتەبا خامەنەیی ئەویش لە شوێنەكە بووە و كوژراوە، بەڵام دواتر هەواڵی كوژرانی ڕەت كرایەوە.
دواتریش رۆژی یەكشەممەی رابردوو بە دەنگی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی زانایانی ئێران، موجتەبا خامەنەیی لە شوێنی باوكی، بە رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.