Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 22:27

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی 56 ساڵەی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی 56 ساڵەی ڕێککەوتنامەی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان بوو.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان بوو. بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرتاسەرییە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی مافەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی دیموكراسی لەعێراقدا دەستی پێ كرد و دواجار حكوومەتی ئەو كاتی عێراقی ناچار كرد بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا پێزانینمان بۆ تێكۆشان و ماندووبوونی سەرجەم ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەرانەی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە ماندووبوون و قوربانیدانی خۆیان دەستكەوتی مێژوویی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداریان بۆ گەلەكەمان مسۆگەر كرد.

لەو یادەدا جەخت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2026

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.