Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 04:39

سەرۆک بارزانی: دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە و دەبێت هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابگیرێن

کوردستان TV
100%


سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و تێیدا هۆشداریی دا "دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە" و چیتر قبووڵ ناکرێت بە ناوی جیاوازەوە پەلاماری هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و تەنیا لە پێناو پاراستنی مافەکانیدا بەرگری کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، هەندێک گرووپ لە ژێر ناوی "موقاوەمە" و بە دروشمی بێ بنەما، ژێرخانی ئابووری و شوێنە سڤیلەکان و بارەگاکانی پێشمەرگە دەکەنە ئامانج.

سەرۆک بارزانی ئەو هێرشانەی بە "شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەکی ئاشکرا" بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ناوبرد و جەختی کردەوە: "پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە، ناکرێ و نابێ ئەو تێکدانی سەقامگیرییە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەردەوام بێت."

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕای گشتی

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە درێژاییی مێژوو گەلی کوردستان هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەکانی کردووە. ئەوە بنەمایەکی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جێگەی داخێکی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە کە هەرچی گرفت و کێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە هەمیشە شەڕ مایەی کاولکاری و ماڵوێرانییه‌.

لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا دەبێ هەموو لایەک باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە، ناکرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەین کە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونکە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و کەسوکاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک بەردەوام دەبین بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵک پارێزراو بێت و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستان دەبێت.

مسعود بارزانی

8ی ئاداری 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.