دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکی نوێدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال"، ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی تێک شکاوە و ناچار بووە لەبەرامبەر وڵاتانی دراوسێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشە بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە ئێران داوای لێبوردنی لە دراوسێکانی کردووە و "خۆی ڕادەست کردوون"، هەروەها بەڵێنی داوە چیتر هێرشیان نەکاتە سەر. بە بڕوای ترەمپ، ئەم پاشەکشەیەی ئێران دەرەنجامی ئەو هێرشە بێوچانانە بووە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە سەری.
سەرۆکی ئەمریکا ئەم دۆخەی ئێستای ئێرانی وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی وەسف کردووە و دەڵێ: "ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی هەزاران ساڵدا کە ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆڕێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی ناوچەکە دەستخۆشییان لێ کردووە و ئەویش لە بەرامبەردا وتوویەتی: "شایانی نییە".
ترەمپ لە نووسینەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "ئێران چیتر زۆردارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکوو لەبری ئەوە بووەتە دۆڕاوەکەی ناوچەکە." هۆشداریشی دا کە ئەم دۆخە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، مەگەر ئەوەی ئێران بە تەواوی خۆی ڕادەست بکات یان ڕووبەڕووی داڕمان ببێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران و هاوپەیمانەکانی کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی ڕەفتارەکانی ئێرانەوە، ئێستا ئەو ناوچە و گرووپانەی پێشتر وەک ئامانج هەژمار نەدەکران، کەوتوونەتە ژێر چاودێریی جدی بۆ "لەناوبردنی تەواوەتی و مەرگی مسۆگەر".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.