ڕۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری توندی ئابووری دژی تاران، کە دیارترینیان بەستنی ملیاران دۆلار لە سەرمایەکانی ئێرانە لەو وڵاتەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوەی ئیمارات هاوکاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی. ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، دەستڕاگەیشتنی تاران بە دراوی بیانی و بازرگانیی نێودەوڵەتی زۆر ئەستەمتر دەبێت.
هەرچەندە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بێدەنگیی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، هێشتا نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکرێتەوە.
بەرپرسانی ئیماراتی بۆ ئەم مەبەستە چەندین ڕێکار تاوتوێ دەکەن، لەوانە: بەستنی دارایی ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی لە ئیمارات تۆمار کراون و بە ناسنامەی شاراوە و دوور لە چاودێریی فەرمی، سیستەمی بانکی و بنکەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن.
واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان، ئەو هەژمارە بانکییانەیە کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.
هەروەها دوو بەرپرسی ئیماراتی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بژاردەی "دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان" یەکێکی ترە لەو هەنگاوە ڕاستەوخۆیانەی کە لە بەردەستدایە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە ئێران لە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستی کردووە بە ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ وڵاتانی ناوچەکە. هەرچەندە تاران دەڵێت تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج، بەڵام چەندین ناوچەی پیشەسازی، گەشتیاری و نیشتەجێبوون لەو وڵاتانە پێکراون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتەکانی ئیمارات، قەتەر، سعودیە، بەحرەین، کوێت، تورکیا و کۆماری ئازەربایجان، بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانییان گرتووە و هۆشدارییان داوەتە تاران کە "خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن" هەمیشەیی نییە و ئەگەری هەیە هەنگاوی توندی بەرپەرچدانەوە بنێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.