عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NBCی ئەمریکی، چەند پەیامێکی توندی ئاڕاستەی واشنتۆن کرد و جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران لە هێرشی زەمینیی ئەمریکا دەترسێت، عراقچی وتی: "نەخێر، ئێمە چاوەڕوانیانین." ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا بچنە ناو خاکی ئێرانەوە، تووشی "کارەساتێکی گەورە" دەبن و ئێران دڵنیایە کە دەتوانێت بە توندی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە مەبەستی لە دەستەواژەی "چاوەڕوانیانین" خواستی بەردەوامبوونی جەنگ نییە، بەڵکو نیشاندانی ئاستی باڵای ئامادەباشیی هێزەکانیانە بۆ هەر ئەگەر و سیناریۆیەک کە بێتە پێشەوە، تەنانەت ئەگەر هێرشی زەمینیش بێت.
عراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بۆ ئەم جەنگە زۆر زیاتر لە جەنگەکانی پێشوو ئامادەیە. وتیشی: "کوالیتیی موشەکەکانی ئێران دوای جەنگی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، چونکە ئێمە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو فێری وانەی زۆر بووین."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەباس عراقچی ئاماژەی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تاران کرد و ڕایگەیاند کە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چین لە ڕووی سیاسی و بە شێوازی جیاوازی تریش پشتیوانی لە ئێران دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.