Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:49

سەرۆک بارزانی: ڕاپەڕین بەرهەم و درێژکراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەکانی کوردستان بوو

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی سێ و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاک تاکی کوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.

سەرۆک بارزانی هیوای خواست کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری و جەختیشی کردەوە هەرچی لە دەستیان بێت دەیکەن بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت.

 

دەق پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و هەموو  ئەو نیشتیمانپەروەر و تێکۆشەر و ئازادیخوازانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستکەوتە بەهادارەی گەلەکەماندا هەبووە.

ڕاپەڕین بەرهەم و درێژکراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەکانی کوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاک تاکی کوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.

ئێستا ناوچەکەمان بە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین کە هەرچی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کورد و کوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.