دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، بەیاننامەیەکی توندی ناڕەزایەتی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە لە شاری زاخۆ کرایە سەر تیپی تازەپێگەیشتوانی یانەکە.
لەم بارەیەوە یانەی هەولێر ڕایگەیاند: "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە پڕ شەرمەزارییە دەکەین کە لە یاریگای دەلال لە زاخۆ لەلایەن ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەی زاخۆوە کرایە سەر یاریزانان و ستافی تیپی تازەپێگەیشتوانی یانەکەمان. ئەم جۆرە ڕەفتارانە دوورن لە هەموو بەها و ئیتیکێکی وەرزشی."
بەپێی بەیاننامەکەی یانەی هەولێر، ئەو هێرشە تەنها سوکایەتی نەبووە، بەڵکو پەلاماری ڕاستەوخۆ بووە و بەهۆیەوە چەند یاریزانێک و ئەندامانی ستافی ڕاهێنەران تووشی پێکان و ئازاری جەستەیی سەخت بوون، ئەمەش دیمەنێکی نەخوازراوی خولەکەیە و گیانی وەرزشی لەکەدار کردووە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، کارگێڕی یانەی هەولێر داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ناوەندە وەرزشییەکان کردووە و دەڵێت: "داوا لە لیژنەی ڕێکاریی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەکەین، بەپەلە بێتە سەر هێڵ و توندترین سزای یاسایی بەسەر سەرجەم ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە بەرپرسیارن لەم پشێوییە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە بگرێت کە وێنەی وەرزشی وڵات دەشێوێنن."
لە کۆتاییدا، یانەی هەولێر جەختی کردەوە کە مافی یاسایی خۆیان دەپارێزن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و دادگاییکردنی تێوەگلاوان، هاوکات داوایان کرد کە هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری تەواو لە یاریگاکان بکەن بۆ زامنکردنی کەشێکی ئارام و وەرزشی بۆ هەموو لایەک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.