ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەوڵێکی نوێدایە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و لە نێوان بژاردەی ڕێککەوتنێکی سنووردار یان گورزی سەربازی، مۆڵەتێکی کورتی بۆ تاران دیاری کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، واشنتن تاوتوێی مۆدێلێکی نوێی ڕێککەوتن دەکات کە تێیدا تاران دەتوانێت بەشێوەیەکی "ڕەمزی" پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات، بە مەرجێک مەترسیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لێ نەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە زانیاریی هەستیاری دەربارەی ئاراستە و ستراتیژیی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران بڵاوکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەکات ڕێگە بە ئێران بدات بە شێوەیەکی "ڕەمزی" یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەو مەرجە ئەو پرۆسەیە نەبێتە هۆی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. لە ئێستاشدا هەریەک لە وڵاتانی قەتەر و عومان وەک نێوەندگیر لەسەر هێڵن و کار لەسەر داڕشتنی رێککەوتنێک دەکەن کە تێیدا هەردوو لایەنی واشنتن و تاران بتوانن دوای ڕێککەوتنەکە، وەک "سەرکەوتن" بۆ خۆیان وێنای بکەن و ڕایبگەیێنن.
هاوکات، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ مۆڵەتێکی زۆر کورتی دیاری کردووە کە تەنیا (10 بۆ 15) ڕۆژە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ ئێران؛ بە پێچەوانەوە، ئەگەر تاران نەێتە سەر هێڵی ڕێککەوتن، واشنتن بژاردەی سەربازی وەک جێگرەوە بەکاردەهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە پێشکەش بە ئەمریکا دەکەین." ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر پێکدادانێکی سەربازیی چاوەڕوانکراو بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.