بەگوێرەی ئەو زانیارییە رۆژنامەوانییانەی بڵاوكراونەتەوە، وەشانی گورزی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە هەموو كاتێك نزیكتر بووەتەوە و رەنگە لە هەر كات و ساتێكدا ئەمە روو بدات.
ماڵپەڕی (ئەكسیوس) بڵاوی كردۆتەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە جموجۆڵێكی گەورەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینراوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوو كەشتی فڕۆكەهەڵگر و 12 كەشتی جەنگی و دەیان فڕۆكەی جەنگی هێرشبەر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراون، هەروەها 150 گەشتی فڕۆكەی گواستنەوەی كەلوپەل و چەك و تەقەمەنی و سیستەمی دژە ئاسمانی ئەنجامدراون.
سەرچاوەكە لەسەر زاری كەسانی نزیكی دۆناڵد ترەمپ گواستوویەتییەوە كە چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێ بكات.
ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە شاری جنێفی پایتەختی سویسڕا بەڕێوەچوو، پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە لە وڵاتی عومان گەڕی یەكەم بەڕێوەچووبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.