Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 08:23

فەرهاد ئەترووشی: پڕۆسەی دەنگدان بە سوپاسالاری عێراق نا دەستوورییە و پەنا بۆ دادگا دەبەین

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆسەی ئەمڕۆی هەڵبژاردنی سوپاسالاری عێراق بە نادەستووری و هەروەها گوماناوی وەسف كرد و رایگەیاند، لە دژی بڕیارەكە هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرنەبەر، لەوانەش پەنابردن بۆ دادگا.

فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دەنگدان لەسەر پۆستی سوپاسالاری عێراق لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نەبوو و هەروەها هیچ ڕێککەوتنێكیشی لەسەر نەکرابوو.

هەروەها رایگەیاند: دەنگدان بە سوپاسالاری عێراق پێچەوانەی ماددەی 9ی دەستووری عێراقە و لای ئێمە هیچ شوێنەوارێکی یاسایی و کارگێڕی لێ ناکەوێتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەی فەرهاد ئەمین ئەترووشی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە:-

عێراق بە بارودۆخێکی سەخت و زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بە هەمانشێوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەنگاوێکی نا کە دیمەنە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات و چەندین پرسیار دەوروژێنێت، ئەویش لە ڕێگەی پەلەکردنی گوماناوی لە دەنگدان لەسەر هەندێک پلەی تایبەت.

شایانی باسە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام دا و تێیاندا ڕێککەوتن کرا لەسەر بڕگەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ یەکخستنی ژمارەیەک لە لێژنەکان و ناونانیان و ئەرک و پسپۆڕییەکانیان لەخۆگرتبوو، جگە لە بڕگەی گەنگەشەی گشتی، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە ئەوەی ڕووی دا لە زیادکردنی بڕگەی تر بوو لە بەرنامەی کار کە ڕێککەوتنی لەسەر نەکرابوو، هەروەها خستنەڕووی ئەم بابەتە بەم شێوازە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەلەکردن لە دەنگدان لەسەر پۆستە هەستیارەکانی دەوڵەت کە یەکێکیان پۆستی سەرۆکی سوپاسالاری بوو، گومانێکی گەورە لای ئێمە و لای پێکهاتە و لایەنەکانی دیکە و هاوبەشانی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا سەرپێچییەکی ئاشکرای ماددەی نۆیەمی دەستوور و ماددەی (37/ دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆیە، ئەمەش بە پێشێلکردنی شەراکەتی نیشتمانی و هاوسەنگی و تەوافوقی سیاسی دادەنرێت و کارێکی تەواو قبووڵنەکراوە.

لەلایەن خۆمانەوە، ئەم دەنگدانە هیچ شوێنەوارێکی یاسایی و کارگێڕی لێ ناکەوێتەوە، هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرینەبەر، لەوانەش پەنابردن بۆ دادگا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.