وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کەشێکی بونیادنەرانەدا ئەنجامدراون و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ ڕێککەوتن کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی شوبات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کەشێکی بونیادنەرانەدا ئەنجامدراون و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ ڕێککەوتن کرا عێراقچی گوتیشی؛ هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ژمارەیەک لە بنەمای ڕێنماییەکان کە لە دەقی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێی ئەگەریدا جێگیر دەکرێن.
عێراقچی ڕوونی کردەوە کە تاران و واشنتۆن، دوای ئامادەکردن و داڕشتنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە و تاوتوێکردنی، کاتی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان دیاری دەکەن ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پرۆسەی دانوستانەکان لەسەر مەلەفی ئەتۆمی.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد: کە دانوستانەکانی جنێڤ، بە بەراورد بە گەڕی پێشوو، بە گفتوگۆی تەواو جدی جیادەکرانەوە و کەشێکی بونیادنەرتر هەبوو.
هاوکات عێراقچی گوتی: ''ئەمە بەو مانایە نییە کە دەتوانین بە خێرایی بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام لانیکەم ڕێگاکە دەستی پێکردووە و هیوادارین لە زووترین کاتدا ئەوە ڕووبدات، ئێمەش ئامادەین کاتی پێویستی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام کاتێک دەگەینە قۆناغی داڕشتنی دەقەکە، کارەکە سەختتر و وردتر دەبێتەوە''.
عێراقچی باسی لەوەش کرد: کە بەراورد بە دانیشتنی پێشوو پێشکەوتنێکی باش بەدەستهاتووە و ئێستا ڕێڕەوێکی ڕوونتر بۆ جووڵە هەیە، ئەمەشی بە کارێکی ئەرێنی وەسف کرد.
هەروەها لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە نەخشەڕێگاکە هێشتا تەواو نەکراوە، بەڵام وێنەکە سەبارەت بە هەنگاوە پێویستەکان لە قۆناغی داهاتوودا ڕوونتر بووەتەوە.
لە کۆتاییشدا گوتی: ''بێگومان، هێشتا هەردوولا خاوەنی هەڵوێستێکن کە کاتی دەوێت بۆ ئەوەی لە یەکتر نزیک ببنەوە، بەڵام لانیکەم ئێستا کۆمەڵێک بنەمای ڕێنمایی و ڕێڕەوێکی ڕوونترمان هەیە بۆ جووڵەکردن تێیدا''.
ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە بارەگای نێردەی دیپلۆماسی عومان لە جنێڤ بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی کرد لە بەرامبەر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا.
ئەم گەڕە لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی ئەو گفتوگۆیانەدایە کە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەهۆی پەرەسەندنی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025دا پەکیان کەوتبوو پەیوەندییەکان دەستیان پێنەکردەوە تاوەکو شەشی شوباتی ڕابردوو، کاتێک مەسقەت بە نێوەندگیری عومان، میوانداری گەڕی یەکەمی ئەم گفتوگۆیە نوێکراوەیەی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.