دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی "ناڕاستەوخۆ" بەشداری لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەکات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و جەختی کردەوە کە ئەم گفتوگۆیانە "زۆر گرنگ" دەبن.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026 گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی وڵاتی عومان لە شاری جنێف دەست پێ بکات.
سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەو بڕوای وایە تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن و وتی: "پێموانییە ئەوان بخوازن ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ڕێک نەکەوتن ببنەوە."
ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی لە حاڵەتی شکستهێنانی گفتوگۆکاندا، واشنتۆن دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران پێشتر هەڵوێستێکی توندی لە دانوستانەکاندا هەبوو، بەڵام دوای هێرشەکانی هاوینی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان، ئێستا لە دەرئەنجامەکانی ئەو جۆرە هەڵوێستانە تێگەیشتوون.
سەرەڕای گەشبینییەکانی ترامپ، دانوستانەکان ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بوونەتەوە. واشنتۆن دەیەوێت جگە لە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بابەتی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش بخاتە ناو گفتوگۆکانەوە. لە بەرامبەردا، تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنها لە بەرامبەر هەڵگرتنی گشت سزاکان ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات و بە هیچ شێوەیەک پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت و بابەتی مووشەکییش بە "هێڵی سوور" دادەنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکان پەرەیان سەندووە و سوپای ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مانۆڕێکی سەربازیی گەورەی لە گەرووی هورمز ئەنجام داوە. هاوکات مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەرچەندە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران "کارێکی قورسە"، بەڵام واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
PRESIDENT TRUMP on upcoming Iran talks in Geneva: "I'll be, involved in those talks indirectly ... I think they want to make a deal."
— Fox News (@FoxNews) February 17, 2026
"I don't think they want the consequences of not making a deal." pic.twitter.com/IduDj7Dhu5
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.