Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 15:27

بانکی ناوەندیی عێراق: هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاپە کۆن و نوێیەکانی دۆلاردا نییە

کوردستان TV
100%

بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕێنماییەکی نوێدا بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە ناحکومییەکان، جەختی لەسەر گرنگیی بنبڕکردنی دیاردەی جیاکاری لە نێوان چاپە کۆن و نوێیەکانی دۆلاری ئەمریکیدا کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی کە ڕۆژی 16ـی شوباتی 2026 بڵاو کراوەتەوە، بانکەکە سەرجەم دامەزراوە داراییەکانی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی گۆڕینەوەی دراوە بیانییەکان، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریکی، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و دڵنیابوون لە سەلامەتیی مامەڵە نەختینەییەکان.

بانکی ناوەندی ڕوونی کردووەتەوە کە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاپە جیاوازەکانی دۆلاری ئەمریکیدا ناکەن.

 هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بانکەکە بەردەوامە لە وەرگرتنی هەموو جۆرە چاپەکانی دۆلار و مامەڵەکردن پێیانەوە لە ڕێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە، بەو مەرجەی چاپەکان لە چوارچێوەی پێوەر و ڕێسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییە پەسندکراوەکاندا بن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی پەرۆشییان بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت، ڕێکخستنی کەرتی بانکی، پاراستنی مافی هاووڵاتیان و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نەختینەیی و دارایی لە وڵاتدا دێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.