Erbil 31°C شەممە 15 ئاب 21:28

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر میوانداریی دەرچووانی خولێکی زمانی ئینگلیزیی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد

کوردستان TV
100%

مارک گرین، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، پێشوازیی لە کۆمەڵێک لە دەرچووانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە کۆرسی بنەڕەتیی زمانی ئینگلیزییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.

ئەم خولە ڕاهێنانە، کە ساڵانە بۆ زیاتر لە 80 خوێندکاری پێشمەرگە ڕێک دەخرێت، بە هاوبەشی لە نێوان گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی سەر بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوە دەچێت. ئامانجی سەرەکیی خولەکە بەهێزکردنی تواناکانی تێگەیشتن و لێدوانە بە زمانی ئینگلیزی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کرد کە میوانداریی ئەم دەرچووانە نیشانەی "هاوبەشییە بەردەوامەکانی" نێوان ئەمریکا و هێزی پێشمەرگەیە. هەروەها ژینگەیەکی گونجاو بووە بۆ ئەوەی خوێندکاران لەگەڵ ستافی دیپلۆماسیی کونسوڵخانەدا گفتوگۆ بکەن و لێهاتووییە زمانەوانییەکانیان تاقی بکەنەوە و پەرەی پێ بدەن.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فێربوونی زمانی ئینگلیزی تەنها فێربوونی زمان نییە، بەڵکوو هۆکارێکە بۆ بەیەکەوەبەستنی خەڵک و کولتوورە جیاوازەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکی ڕوونتر.

 کونسوڵخانە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە بەرنامانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی تێنەگەیشتنەکان و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەردوولا پێکەوە کار لەسەر ئاڵنگارییە جیهانییەکان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.