Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 15:28

وەزیرانی دەرەوەی G7 جەختیان لە سزادانی توندی ڕووسیا و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە

کوردستان TV
100%


لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لەژێر سەرۆکایەتیی کەنەدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بە پرسە ئاڵۆزەکانی جیهان بەڕێوە برد

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەندریی سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئامادەی بوو، وڵاتانی G7 پابەندبوونی خۆیان بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و ئۆکرانیایەکی بەهێز دووپات کردەوە. وەزیرەکان ڕایانگەیاند کە ئامادەن سزای زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا ئەگەر بە نیازپاکی نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ.

هەروەها جەختیان کردەوە کە هەر سزایەکی نوێ لە دوای مانگی شوباتەوە، پەیوەست دەبێت بە ئاستی جدیەتی ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ ئۆکرانیا. هاوکات، کۆمەککردنی سەربازی ڕووسیا لەلایەن چین، ئێران و کۆریای باکوورەوە بە توندی سەرکۆنە کرا.

بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەزیرانی G7 پشتیوانی خۆیان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە دەربڕی کە ئازادکردنی بارمتەکان و زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆ بگرێت.

 هەروەها پشتیوانییان بۆ هەوڵەکانی میسر، قەتەر و ئەمریکا دووپات کردەوە و بزووتنەوەی حەماسیان سەرکۆنە کرد، لەگەڵ داننان بە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

سەبارەت بە لوبنان، وەزیرەکان پێشوازییان لە هەڵبژاردنی "جۆزێف عەون" وەک سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی "نەواف سەلام" وەک سەرۆک وەزیران کرد، وەک هەنگاوێک بەرەو سەقامگیری ئەو وڵاتە.

لە دۆسیەی سووریاشدا، جەخت لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی بەپێی بڕیاری 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایش کرایەوە.

وەزیرانی گرووپی حەوت بە توندی سەرکۆنەی چالاکییە "تێکدەرانە"کانی ئێرانیان کرد، لەوانە خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و دەریای سوور، و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

لەلایەکی ترەوە، داوا لە کۆریای باکوور کرا کە بە تەواوی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ببێت. هۆشداریش درا کە ناردنی سەرباز و هاوکاری سەربازی لەلایەن پیۆنگ یانگەوە بۆ ڕووسیا، دەبێتە هۆی فراوانبوونی مەترسیداری جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەری خراپی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و ناوچەی ئیندۆ-پاسیفیک دەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆبوونەوەی داهاتوویان لە ڕۆژانی 12  بۆ 14ـی ئاداری 2026 لە ناوچەی شارلێڤۆ لە کەنەدا بەڕێوەدەچێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر تاوتوێکردنی ئەم پرسە چارەنووسسازانە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.