سەرۆ بارزانی و باڵێۆزی کوێت لە عێراق کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخ و ئالنگاری و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی کرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی شوباتی، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی کوێت لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە عوسمان داود کونسوڵی کوێت لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی کوێت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی سڵاو و ڕێزی شیخ مەشعەل ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباحی ئەمیری کوێتـی بە سەرۆک بارزانی گەیاند جەختی لەسەر پەیوەندی و برایەتیی نێوان گەلی کوێت و گەلی کوردستان کردەوە و ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ئازادی.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سڵاوی تایبەتی بۆ ئەمیری کوێت و گەلی کوێت هەبوو و ئاماژەی بە ئازاری هاوبەشی گەلی کوردستان و گەلی کوێت دا لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق و جەختی لە برایەتی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.