لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەربڕی و بە "بەرهەمدار" وەسفی کرد.
گراهام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە نەخشەڕێگای داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران کراوە. ناوبراو ئیسرائیلی بە "بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکا" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ترەمپ و نەتانیاهۆ دوو سەرکردەی بەهێزن و بەدوای بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی "ڕاستەقینە"دا دەگەڕێن.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە ستایشی ڕۆڵی دۆناڵد ترەمپی کرد و ڕایگەیاند: "بە بڕوای من، سەرۆک ترەمپ کاریگەرترین فەرماندەی گشتییە لە دوای سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگانەوە؛ ئەو بەرەو زنجیرەیەک دەسکەوت هەنگاو دەنێت کە دەتوانن جیهان بەرەو باشتربوون بگۆڕن."
سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش، گراهام وتی: "ئەزموونی ژیان و تێگەیشتنی قووڵی نەتانیاهۆ بۆ ناوچەکە، وای لێ کردووە ببێتە ڕاوێژکار و هاوبەشێکی سەرکەوتوو بۆ سەرۆک ترەمپ."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لیندسی گراهام هیوای خواست هەردوو سەرکردە خاوەن دانایی و ورەبن بۆ وەستانەوە دژی ئەوەی ئەو بە "هێزەکانی تاریکی" ناوی بردن، تاوەکو بتوانن ئاشتی و ڕووناکی بۆ ناوچەکە بەدی بهێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.