Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 01:23

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەوە 

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دا کە سێ کاتژمێری خایاند و   بە "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش" وەسفی کرد، هەروەها جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندیی تایبەتی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی شوبات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریان ئەنجام دا.

دۆناڵد ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "جەختم لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کردەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەکرێت ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت. ئەگەر ئەوە بکرێت، ئەوا بە سەرۆکوەزیران (بنیامین ناتانیاهۆ)ـم ڕاگەیاندووە کە ئەمە بژاردەی پەسەند دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەوا دەبینین دەرەنجامەکە چی دەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا، گوتیشی: "جارەکەی پێشوو ئێران بڕیاری دا کە بەبێ ئەنجامدانی ڕێککەوتن دۆخی باشتر دەبێت، بۆیە ڕووبەڕووی ئەوە بووەوە کە بە 'چەکوشی نیوەشەو' ناسراوە – ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبوو. هیوادارین تاران ئەمجارە ژیرتر و بەرپرسانەتر بێت".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە لە میانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ناتانیاهۆ  باس لەو بەرەوپێشچوونە گەورەیە کراوە کە لە غەززە و ناوچەکە بە گشتی بەدەست هاتووە.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتوونەتە هیچ شتێکی کۆتایی، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بژاردە پەسەندەکەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

لەو دیدارەدا پێشبینی دەکرا بنیامین ناتانیاهۆ داوا لە سەرۆکی ئەمریکا بکات بازنەی گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران فراوانتر بکات، بە شێوەیەک کە سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر جبەخانەی مووشەکیی تاران و دۆسیە ئەمنییەکانی دیکەش بگرێتەوە، ئەوەش لەپاڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.