وەزیرێكی حكوومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە دەستپیكردنەوەی دانوستانەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا رایگەیاند، هەر رێككەوتنێك بكرێت لای ئێمە بەها و قیمەتی نابێت و هێرشی سەربازی لە هەر كاتێكدا یەكێك دەبێت لە بژاردەكانیان.
ئیلی كۆهین وەزیری وزەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی گوتوویەتی: هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێران هیچ بەها و قیمەتێكی نابێت، ئەگەر هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل هەبێت.
راشیگەیاند: گۆڕینی رژێمی ئێران لە بەرژەوەندی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی دەوروبەری ئەو وڵاتەیە.
ئیلی كۆهین ئاماژەی بەوەش دا كە ئیسرائیل دەستپێشخەری دەكات لە هەر كات و شوێنێكدا بێت ئەگەر هەڕەشەی راستەوخۆی بینی.
ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی ئیسرائیل لە كاتێكدایە كە رۆژی هەینی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
هەرچەندە دانوستانەكە ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەری كرا كە بریتی بوون لە: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، مەودای مووشەکە بالیستییەكان، پشتیوانی لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێراندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.