Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 17:18

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا: کۆبانێ لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە

کوردستان TV
100%

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا (SOHR) لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا سەبارەت بە تێکچوونی مەترسیداری باری مرۆیی لە شاری کۆبانێ هۆشداریی داوە.

 ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە بەهۆی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون و کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکان، شارەکە لەبەردەم "کارەساتێکی مرۆیی نزیک"دایە.

 

ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ و ئاوی پیس

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بە بیرەکان، دانیشتووانی شارەکە و ئاوارەکان ئاوی پیس بەکاردەهێنن.

 بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوەکە، ڕۆژانە زیاتر لە 500 حاڵەتی ژەهراویبوون (کە زۆربەیان ژن و منداڵن) کە نیشانەکانی وەک ڕشانەوە و سکچوونی توندیان هەیە، دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەی حکومیی کۆبانێ.

 

پەککەوتنی نەخۆشخانەکان و کەمیی سووتەمەنی

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاماژەی بەوە داوە کە کەرتی تەندروستی لە کۆبانێ تووشی "ئیفلیجی" بووە. ئەمەش بۆ نەبوونی سووتەمەنی (مازۆت) دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی وەستانی مۆلیدەی نەخۆشخانەکان و پەککەوتنی ژوورەکانی نەشتەرگەری و چاودێریی ورد.

 ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە دەرمانی بێهۆشکەر و دژەبەکتریاکان لە بازاڕ و ناوەندە پزیشکییەکاندا نەماون.

 

هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی شارەکە

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تاقە فڕنی ئۆتۆماتیکی شارەکە بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە مەترسیی وەستانی لەسەرە. ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی دەیان هەزار هاووڵاتی کە نان سەرەکیترین بژێوییانە.

 

ئاوارەبوونی بێپێشینە

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، دەیان هەزار ئاوارە لە زیاتر لە 200 گوندی دەوروبەر و ناوچەکانی تەل سەمەن، تەبقە و ڕەققەوە ڕوویان لە کۆبانێ کردووە. ئەمەش فشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی شارەکە کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست بێکاری و کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەیناڵاند.

 

داواکارییەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ

ڕێکخراوەکە بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە نێودەوڵەتیکان کردووە بۆ دەستوەردانی خێرا بە مەبەستی:

دابینکردنی ئاوی پاک و چارەسەرکردنی تۆرەکانی ئاوەڕۆ.

دابینکردنی سووتەمەنی و دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان.

گواستنەوەی پێداویستییە پزیشکییە کتوپڕەکان.

پاراستنی بەردەوامیی کارکردنی فڕنەکان بۆ ڕێگریکردن لە برسیێتی.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا هۆشداریی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ وەڵامدانەوەی مرۆیی، پێشێلکارییەکی گەورەی مافی ژیان و تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.