Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 13:23

مەترسیی داڕمان لەسەر بەشێکی ڕێگەی ستراتیژیی ھامڵتۆن دروست بووە

کوردستان TV
100%

بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلی باران و بەفری ئەمساڵ، بەشێکی ڕێگەی ستراتیژیی ھامڵتۆن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مەترسیی داڕمان و ڕووخانی لەسەر دروست بووە، ئەمەش نیگەرانی لای شۆفێران و بازرگانان دروست کردووە.

شاخەوان سەلمان، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە سۆران ڕایگەیاند: "ڕێگەی ھامڵتۆن کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و قەزاکانی سۆران، چۆمان و مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە هەولێر دەبەستێتەوە، لە چەند شوێنێکدا درزی گەورەی تێکەوتووە و بەشێکی ڕێگەکە بەرەو داڕمان دەچێت."

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، هۆکاری تێکچوونی ئەم ڕێگەیە بۆ سروشتی خاکەکەی و زۆریی ڕێژەی دابارین لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا دیوارێکی "گابیۆن" بۆ پاراستنی ڕێگەکە دروست کرابوو، بەڵام فشارەکان هێندە زۆرن کە مەترسییەکە هێشتا بەردەوامە.

لە ئێستادا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران لە شوێنی مەترسییەکە ئامادەن و بە شێوەیەکی کاتی سەرقاڵی پڕکردنەوەی درزەکان و ڕێککردنەوەی ڕێگەکەن بۆ ئەوەی هاتوچۆی شۆفێران پەکینەکەوێت.

سەبارەت بە چارەسەری بنەڕەتی، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕاپۆرتی پێویستیان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەرز کردووەتەوە تاوەکو دوای نەمانی وەرزی باران، پڕۆژەیەکی تۆکمە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشە مەترسیدارەی ڕێگەی هامڵتۆن جێبەجێ بکرێت.

ڕێگەی هامڵتۆن بە شا دەمارێکی گرنگی بازرگانی و گەشتیاریی ناوچەکە دادەنرێت و ڕۆژانە سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و گەشتیاری بەسەریدا تێدەپەڕن، پەککەوتنی ئەم ڕێگەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا دەبێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.