باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئێران، ڕاگەیەندراوێکی نوێدا، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە بە زووترین کات خاکی ئێران جێ بهێڵن.
ئەم هۆشدارییە بەرەبەیانی 6ـی شوباتی 2026، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ بڵاوکرایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری ئەم هۆشدارییە بەپەلەیەی بۆ پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان، هەڵوەشاندنەوەی بەردەوامی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ڕێگاکان گەڕاندووەتەوە.
باڵیۆزخانەکە ئامۆژگاری هاووڵاتییانی کردووە کە بۆ چوونە دەرەوە لە ئێران، باشترە ڕێگە زەمینییەکان بۆ وڵاتانی ئەرمینیا و تورکیا بەکاربهێنن.
لە بەشێکی تری ئاگادارییەکەدا، ئاماژە بە دۆخی ئەو کەسانە کراوە کە ڕەگەزنامەی "ئێرانی-ئەمریکی"یان هەیە و پێیان ڕاگەیەندراوە کە لە کاتی جێهێشتنی وڵاتدا پاسپۆرتە ئێرانییەکەیان بەکاربهێنن، چونکە حکومەتی ئێران دان بە ڕەگەزنامەی دووانەدا نانێت.
بڕیارە ئێران و ئەمریکا پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 6ـی شوبات، لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆببنەوە و گفتوگۆیەکی دووقۆڵی دەست پێ بکەن؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوینی ڕابردوو بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و هەڵگیرسانی جەنگی 12 ڕۆژە، پرۆسەی دانوستانەکان پەکی کەوتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.