Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 00:19

بۆ یەكەمجار لە ئیسپانیا نەشتەرگەری چاندنی رووخسار ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%

لە وڵاتی ئیسپانیا بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی جیهان نەشتەرگەری دەگمەنی چاندنی تەواوەتی رووخسار بۆ ئافرەتێكی تەمەن 54 ساڵ ئەنجامدرا، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر نەشتەرگەرییەكە، ئافرەتەكە دەڵێت "ئێستا تەندروستی و رووخساری باشە و زۆر دڵخۆشە".

كارمی چەند ساڵێك پێش ئێستا لە كاتی ئەنجامدانی گەشتێكدا بۆ دوورگەی كەناری، بەهۆی پێوەدانی مێروویێك رووخساری دووچاری بەكتریایەكی دەگمەن ببوو، تەنەنانەت وای لێهاتبوو نەیدەتوانی شەویلاگ و دەمی بجوولێنێت و نان بخوات.

هەر لە ئیسپانیا ئافرەتێكی دیكە كە تووشی نەخۆشییەكی كوشند ببوو، واژووی لەسەر بەخشینی رووخساری كردبوو، ئەمە بووە هەوێنی بیرۆكەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی رووخسار بۆ كارمی.

نەشتەرگەرییەكە لە نەخۆشخانەی ڤاڵ دی هیبرۆن لە شاری بەرشلۆنە لەلایەن تیمێكی فراوان كە پێكهاتبوون لە 100 پزیشكی تایبەتمەندی جوانكاری ئەنجامدرا، نەشتەرگەرییەكە بەشێوەیەكی گشتی 27 كاتژمێری خایاند و زۆر بە وردی تەواوی رووخساری ئافرەتەكە بە دەمار و هەستەوەرە ورد و ماسولكەكانەوە خرایە سەر رووخساری كارمی.

دكتۆر جوان پێری بارێت سەرۆكی تیمی نەشتەرگەرییەكە لەبارەی نەشتەرگەرییەكە رایگەیاند: ئامانجی سەرەكیمان ئەوە بوو رووخسارەكە 100% و وەك سروشتی خۆی بگوازینەوە نەك تەنیا وەك ماسكێكی مردوو.

كارمی دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر نەشتەرگەرییەكە، ئێستا تەندروستی زۆر باشە و رۆژانە لەگەڵ رووخسارە نوێیەكەی ڕادێت، كارمی دەڵێت "ئێستا بە ئاسانی دەتوانم قاوە بخۆمەوە و نان بخۆم و بزە و پێكەنین بكەم، كاتێك سەیری ئاوێنە دەكەم هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم".

لە كۆتاییدا كارمی سوپاسی ئەو ئافرەتە نەناسراوەی كرد كە ئەو دیارییە بە نرخە و رووخسارە جوانەی پێ بەخشیوە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.