قاوە خواردنەوەیەكە بە نزیكەیی 600 ساڵ دەبێت هاتۆتە ناو ژیانی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام بەهۆی تام و زۆری خواست لەسەری ئێستا بووەتە یەكێك لە خواردنەوە گرنگەكانی ملیۆنان كەس لە جیهاندا.
ماڵپەڕی (ساینس ئەلێرت) سەبارەت بە كاریگەری خواردنەوەی قاوە لەسەر بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بەدواداچوونێكی وردی كردووە و بڵاوی كردۆتەوە: كافایین كە بە ڕێژەیەكی زۆر لە پێكهاتەی قاوەدا هەیە، كاریگەری گەورەی لەسەر دەمار و ماسوولكەی مرۆڤ هەیە، رەنگە خواردنەوەی قاوە لای هەندێك كەس ببێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و دروستبوونی كێشە بۆ دڵ.
ئەوەی روونە ئەوەیە كە كافایین هۆكارە بۆ زیاد دەردانی هۆڕمۆنی ئەدریالین و ئەمەش لێدانی دڵ زیاد دەكات و دەمارەكان خوێن تەسك دەكاتەوە، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی كاتی پاڵەپەستۆی خوێن.
دوای خواردنەوەی كوپێك قاوە، ئاستی كافایین لە خوێندا لە ماوەی 30 بۆ دوو كاتژمێر دەگاتە لووتكە، كاریگەری ئەو كافایینە ماوەی 3 بۆ 6 كاتژمێر لە خوێندا دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئەوە جێگیر نییە و رەنگە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە بەهۆی جیاوازی تەمەن و توانای جەستە و زۆری رێژەی خواردنەوە و هەروەها بۆ ماوەیی بگۆڕدرێت.
نوێترین توێژینەوە دەری دەخات كە قاوە و كافایین بۆ هەندێك كەس زۆر مەترسیدارە و رەنگە بە ڕێژەی 3 تا 15 پلە ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن بەرز بكاتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە بەڵگە زانستییەكان ناڵێن بەیەكجاری واز لە خواردنەوەی قاوە بهێنن، بەڵكو ئامۆژگاری خەڵكان دەكەن بەشێوەیەكی كەم و تەندروست بیخۆنەوە، بۆ نموونە پزیشكەكان ئامۆژگاری خەڵك دەكەن پێش و دوای خواردنەوەی قاوە ئاستی پاڵەپەستۆی خوێنیان بگرن تا جیاوازییەكەی بزانن بۆ ئەوەی بەگوێرەی رێژەی ئەو جیاوازییە قاوە بخۆنەوە.
بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە نابێت زیاتر لە چوار كوپ قاوە بخورێتەوە، بۆ ئەوانەشی كە هەر خۆیان نەخۆشی درێژخایەنی پاڵەپەستۆی خوێنیان هەیە، نابێت رۆژانە لە یەك كوپ زیاتر بخۆنەوە.
بۆ ئەوانەشی بەردەوام قاوە دەخۆنەوە، دەبێت پێش هەموو شت سیستەمی خەویان ڕێك و چاك بكەن و بەهیچ شێوەیەكیش لە كاتەكانی درەنگانی شەودا قاوە نەخۆنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.