سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا سوپاسی هەموو هاووڵاتییان و رێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیاکانی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە یارمەتیدانی کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان و ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەیان جێگەی شانازییە.
دەقی پەیامی سەرۆکی بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بەدەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.
هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێ دەهێڵێت.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپات کردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.
مسعود بارزانی
4ـی شوباتی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.