كارگێڕی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە روونكردنەوەیەك لەبارەی وەستانی كاتی فڕۆكەخانەكەیان بڵاو دەكاتەوە، جەخت دەكاتەوە كە ئێستا گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكە ئاسایی بووەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە تەزووی كارەبا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە پچڕا و ئەمەش بووە هۆكاری وەستانی گەشتە ئاسمانی و پەكخستنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی فڕۆكەخانەكە.
بەشێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە بەسڕە دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە فڕۆكەخانەكە بەتەواوەتی لەكاركەوتووە و گەشتە ئاسمانییەكان تێیاندا وەستاون.
لەمبارەیەوە كارگێڕی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە رایگەیاند: رووداوەكە تەنیا پچڕانێكی كاتی تەزووی كارەبا بووە كە لەئەنجامی خراپی كەشوهەوا سەریهەڵداوە، تیمەكان بە ماوەیەكی كەم توانیویانە كێشەكە چارەسەر بكەن.
كارگێڕی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە جەختیشی كردۆتەوە كە ئێستا سەرجەم چالاكییەكان و هەروەها گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكەیان ئاسایی بووەتەوە.
داواشی لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كرد خۆیان بەدووربگرن لە هەواڵی ناڕاست و لە هەر هەواڵ و رووداوێك تەنیا پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.