Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 21:48

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە

کوردستان TV
100%

لە دیدارێکی ماڵئاواییدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە پرسی چاکسازی، دۆخی ئەمنی ناوچەکە و پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریا تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ، 3ی شوباتی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتزگیڕاڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، کە بە ئامادەبوونی عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، وەزیری پێشمەرگە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کاریگەر و گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە. وەزیری پێشمەرگە ستایشی هاوکارییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانانی کرد لە سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت و ڕایگەیاند: "بەرز نرخاندنی زۆرمان بۆ ڕۆڵی باڵای ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە و هیوادارین لەم ساڵدا ئاستی پاڵپشتییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە فراوانتر بکرێن."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسە کارگێڕی و دارایی و یاساییەکانی پەیوەست بە فەرماندەیی دەڤەرەکانی یەک و دوو کرا، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی زیاتری کاروباری سەربازی لەو چوارچێوەیەدا.

هەر لەو دیدارەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دواپێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کرد. جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی چاودێریکردنی دۆخەکە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هێرش و پەلامارێک، هاوکات دووپات لە پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستوورێکی هەمیشەییدا کرایەوە.

لای خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ فیتزگیراڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، دووبارە پشتیوانی و پابەندیی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە. ناوبراو خۆشحاڵی خۆی بە بەردەوامیی پڕۆسەی چاکسازی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵەکان بۆ لادانی هەر جۆرە کۆسپ و تەگەرەیەک لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە چڕتر بکرێنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.