دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی چالاکییە مرۆییە بەردەوامەکانیدا بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی ڕۆژئاڤای کوردستان، ڕاپۆرتی ژمارە (10)ی خۆی سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان کە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 2/2/2026 نوێ کراونەتەوە، دەزگاکە لە چەندین سێکتەری جیاوازدا خزمەتگوزاریی پێشکەش کردووە.
کەرتی خۆراک و هاوکارییەکان:
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تاوەکو ئێستا 59,375 ژەمە خۆراکی گەرم بەسەر هاووڵاتییانی نشتەجێی 296 قوتابخانە و 17 مزگەوتدا دابەش کراوە. هەروەها لە کەرتی هاوکارییە جۆراوجۆرەکاندا، 9,664 خێزان هاوکارییان پێگەیشتووە کە پڕۆسەی دابەشکردنەکە 178 قوتابخانە و 12 مزگەوتی گرتووەتەوە.
سوتەمەنی و گەرمکەرەوە:
سەبارەت بە دابینکردنی سوتەمەنی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی 325,582 لیتر مازوتی دابەش کردووە. لەم پڕۆسەیەدا 8,908 خێزان سوودمەند بوون، هاوکات سوتەمەنی بۆ دانیشتووانی 234 قوتابخانە و 12 مزگەوت دابین کراوە بۆ ئەوەی لە سەرمای زستان بپارێزرێن.
تەندروستی و لۆجستی:
تیمە تەندروستییەکانی دەزگاکە لە 73 قوتابخانەی جیاواز خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە و تاوەکوو ئێستا 5,582 کەس لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە سوودمەند بوون.
بە گشتی تا ئێستا 321 بارهەڵگر هاوکاری گەیشتووەتە ڕۆژئاڤای کوردستان و 655 کرێکار هەر لە خەڵکی ناوچەکە هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە و لە دابەشکردنی هاوکارییەکاندا بەشدارن.
ناوچە سوودمەندەکان:
ئەم هاوکارییانە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستانی گرتووەتەوە، لەوانە شار و شارۆچکەکانی قامشلۆ، دێریک، حەسەکە، گڕکێلەکێ، تربەسپی، عامودا، و دێربێسیێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.