Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 15:56

سەرۆکی ئەمریکا: کەشتییە جەنگییەکانمان بەرەو ئێران بەڕێوەن و ئەگەر ڕێک نەکەوین شتی خراپ ڕوو دەدات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هۆشداریی دایە ئێران کە ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێک نەکەون ئەوا تووشی ڕووداوی زۆر خراپ دەبن.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: هەر ئێستا گەلەکەشتییەکانمان بەرەو ئێران بەڕێوەن، گەورەترین و باشترین فڕۆکەهەڵگرەکانمان بە ڕێگاوەن. وەک ئەوەی بۆ ڤەنزۆیلامان نارد و تەنانەت گەورەتریش. گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لە ئارادایە. ئەگەر بتوانین ڕێک بکەوین زۆر باشە. ئەگەر ڕێک نەکەوین شتی خراپ ڕوو دەدات.

دوابەدوای قسەکانی ترەمپ سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بوار بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا خۆش بکات.

مەسعوود پزیشکیان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بە داوای وڵاتانی دۆستمان لە ناوچەکە بۆ وڵامدانەوەی پێشنیاری سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان، فەرمانم داوەتە وەزیری دەرەوە لە ئەگەری بوونی کەشێکی گونجاو و بەدوور لە هەڕەشە و داواکاریی ناڕەوا، بوار بۆ دانوستانی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای سەربڵندی و حیکمەت و لە چوارچێوەی بەرژوەندیی نیشتمانیدا خۆش بکات.

بڕیارە ڕۆژی هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستیف ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئیستەنبوڵ کۆ ببێتەوە و لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دانوستان بکەن.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.