کەشناسی هەرێم پێشبینی فراوانبوونی شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە تریشقە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پێش نیوەشەو باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە لوتکەی شاخەکانیش بەفر دەبارێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ بارانبارینی ئەمشەو و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند: نمە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچەکانی باکووری هەرێمەوە دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت پێش نیوەشەو کاریگەرییەکەی درێژببێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات، ئیدارەی سۆران، ڕاپەڕین و گەرمیان.
کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەندێک ناوچەی ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و بەشێک لە ڕاپەڕین بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت. هەروەها ئەگەری هەورە تریشقە هەیە بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری هەولێر و بارانەکە تا بەرەبەیان بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت. هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک هەیە و دواتر کاریگەری شەپۆلەکە تەنها لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.
بڕی بارانی 12 کاتژمێری ڕابردووی هەندێک لە ناوچەکان:
ئامێدی: 3.8 ملم
بامەرنێ: 3.6 ملم
بارزان: 2.4 ملم
زاخۆ: 1.6 ملم
سۆران: 0.6 ملم
ئاکرێ: 0.4 ملم
دهۆک: 0.1 ملم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.