چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوێترین کۆبوونەوەی خۆیدا، پەیامێکی توند ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆکوەزیران مافێکی دەستووری عێراقییەکانە و بە هیچ جۆرێک لە کاندیدکردنی نوری مالیکی پاشەکشە ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 31ی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار تەنسیقی) 261ـەمین کۆبوونەوەی خولیی خۆی لە نووسینگەی نوری مالیکی ئەنجامدا، تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراقی تاوتوێ کرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا جارێکی دیکە پابەندی و سووربوونی خۆی بە کاندیدکردنی "نوری کامل مالیکی" بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران پرسێکی دەستووری و نیشتمانیی پەتی عێراقییە.
هەروەها جەختیان کردەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت تەنها لە ڕێگەی میکانیزمە سیاسییە نێوخۆییەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت، بەبێ هیچ جۆرە سەپاندن و دەستوەردانێکی دەرەکی.
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی عێراقی بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە کاریگەرەکانی جیهان نیشاندا، بەو مەرجەی ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ بن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی هەیە، داواشیان لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی کاتە دەستوورییەکان بن و هەوڵی جیدی بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.