یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە سزای بەسەر ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئێران سەپاند كە لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ و فەرماندەیەكی پلەبەرزی سوپای پاسداران هەیە.
ناوی ئەو كەسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە لە گۆڤاری فەرمی یەكێتی ئەوروپا بڵاوكراوەتەوە كە بریتین لە: ئەسكەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران، محەمەد موەحیدی ئازاد داواكاری گشتی، مەجید فەیز جەعفەری بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس، ئەحمەد عەلی فەیز ئیلاهی فەرماندەی لیوای تایبەتی سابڕین سەر بە سوپای پاسداران، حەیدەر ئۆلیڤاتی فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیلام، مورتەزا شێخی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ناوچەی ئەزنا، موحسین ئیبراهیمی فەرماندەی هێزی تایبەتی دژەتیرۆر.
یەكێتی ئەوروپا هەروەها سزای بەسەر ژمارەیەك لایەنی دیكە سەپاندووە لەوانە دەستەی رێكخستنی میدیایی دەنگ و ڤیدیۆی ئێران (ساترا).
سەبارەت بە هۆكاری سەپاندنی سزاكانیش، یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندووە كە بەهۆی كوشتن و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سەركوتكردنی خۆپیشاندانە ئاشتیانەكانی رۆژانی رابردووی شارەكانی ئێران بووە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكێتی ئەوروپا بڕیاری دا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.
لەمباریەوە كایا كالاس بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند: وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رەزامەندییان نیشان دا سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.كالاس لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) هەروەها رایگەیاندبوو "هەر رژێمێك هەزاران خەڵكی خۆی بكوژێت، بەرەو لەناوچوون هەنگاو دەنێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.