ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆیدا لە ساڵی 2026 جەختی کردەوە دەبێ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران لە وادەی دیاریکراوی یاسایی خۆیدا بەڕێوە بچێت و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد پابەندی کاتی دیاریکراوی ناو دەستوور بن.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەری یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی دادوەر دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بەڕێوە برد. لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە دۆخی سیاسی و یاسایی وڵات تاوتوێ کران.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختی لە پێویستی پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکانی ناو دەستوور کردەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.
ئەنجومەنەکە داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەکان کرد ڕێز لەو وادە یاساییانە بگرن و پێشێلی نەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە مەرجێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دیموکراتی بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان، هەروەها وەک ڕێگرییەک لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتدا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ فەرمانگەکانی چاکسازی لە ناوخۆی عێراق. ئەنجومەنەکە جەختی لە پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان کردەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.