سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس مژدەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەدات و داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان دەکات ڕوو لە کوردستان بکەن، هاوکات دڵنیایی دەداتە وەبەرهێنەران سەبارەت بە پابەندبوون بە گرێبەستەکان.
لەپێناو پتەوکردنی ئامادەییی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی ئێوارەخوانێکی تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لەلایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، لە داڤۆس ڕێکخرابوو.
لە ئێوارەخوانەکەدا چەندین کەسایەتیی نێودەوڵەتی ئامادە بوون، لەوانە: بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بریتانیا، نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری بریتانی، خاوەنکاری ناسراو ڕۆس پیرۆ و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کورد و جیهانی.
لە ئێوارەخوانەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا، باسی لە دەرفەتەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕۆشنایی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، گەشەپێدانی ئابووری بنەمای سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییە، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەیە ببێتە خاڵی بەیەکگەیاندنی شارستانییەتە کۆنەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی پێگەیەکی ستراتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
لەبارەی دۆسیەی وزە و خزمەتگوزارییەکانەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەبێت.
لەبارەی کەرتی نەوت و گازیشەوە، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ برەودانی زیاتر بە وەبەرهێنان کرد، بەتایبەتی ئێستا عێراق لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵدایە و بابەتی وزە و بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیش، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتە.
سەرۆکی حکوومەت، پەیامی دڵنیایی بە سەرجەم هاوبەشان دا و جەختی لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ڕێککەوتن و گرێبەستەکان لەگەڵ وەبەرهێنەران و دۆستان کردەوە و داوای لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.