دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە دووبارە داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی لەگەڵ دانیمارك كرد بۆ كڕینی دوورگەی گرینلاند، ئاماژەی بەوەش دا كە تەنیا ئەمریكا دەتوانێت ئەو دوورگەیە بپارێزێت لە هەموو ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەی لەسەر دوورگەكە هەیە.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە داڤۆس لە وڵاتی سویسڕا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهان – 2026.
ترەمپ لە دیبەیتێكی تایبەتدا گوتی: ئەمریكا گەمژایەتی كرد كاتێك دەستبەرداری گرینلاند بوو بۆ دانیمارك.
سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی پێویستی بە كانزا دەگمەن و بەهادارەكانی دوورگەی گرینلاند نییە، بەڵكو لای ئەوان شوێنە ستراتیژی و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی دوورگەكە گرنگە نەك سەرچاوە سروشتییەكان.
ترەمپ هەروەها گوتی: دەستخستنی گرینلاند لەلایەن ئەمریكاوە نابێتە هۆی تێكدانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بە پێچەوانەوە بەهێزتری دەكات.
جەختیشی كردەوە كە ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك بۆ دەستخستنی دوورگەی گرینلاند پەنا ناباتە بەر هێز و شەڕ ناكرێت.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها ئاشكرای كرد كە هەردوو وڵاتی چین و رووسیاش هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیان گرینلاند دەدەن، ئەمەش ئەمریكا ناچار دەكات بۆ پاراستنی گرینلاند هەنگاو بنێت و رێگری بكات لەوەی ببێتە گۆڕەپانی كێبەڕكێ كە هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات.
گرینلاند كە گەورەترین دوورگەی جیهانە و دەكەوێتە جەمسەری باكور لەنێوان دانیمارك و رووسیا و چین و وڵاتانی ئەمریكای باكور، دوورگەكە هەرێمێكی خۆبەڕێوبەری هەیە و دانیشتووانەكەی تەنیا 57 هەزار كەس دەبێت.
هەرچەندە زۆرینەی خاكی گرینلاند سەهۆڵ و بە بەفر داپۆشراوە، بەڵام ژێرەوەی دوورگەكە گەورەترین یەدەگی سامانی سروشتی لە جیهاندا تێدایە لە نەوت و گاز و كانزای دەگمەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.