سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە و ستایشی ڕۆڵی ئەو وڵاتەی کرد لە پێشخستنی توانا مرۆییەکانی هەرێم.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ محەممەد قرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنان و پێشخستنی توانا مرۆیی و کارگێڕییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی هەردوو خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ محەممەد بن ڕاشد، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.