سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس لەگەڵ شاندێکی باڵای بەحرەین کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سووریا کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری داڤۆس، لەگەڵ شاندێکی باڵای شانشینی بەحرەین کۆبووەوە، کە پێکهاتبوون لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، نوێنەری شا و وەزیری دیوانی سەرۆک وەزیران، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووریی نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا کرا.
تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە تایبەت بوو بە دۆخی گشتیی عێراق و ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریا. لەمبارەیەوە هەردوولا ئاماژەیان بە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان کرد.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کرایەوە وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.