لە شاری هەولێر و وەک یەکەمین پارێزگا، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، گەورەترین کەمپینی مرۆیی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوە وەک بەدەمەوەچوونێکی بەپەلە بۆ دۆخی ناهەمواری هاووڵاتییانی کوردی ڕۆژئاوا دێت کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە تووشی دەربەدەری بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لەگەڵ سەرۆکانی ژووری بازرگانی، یەکێتیی بەڵێندەران، یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران، نوێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەک لە بازرگانان، بڕیار لەسەر دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە درا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "خەڵکی هەولێر هەمیشە بە بەخشندەیی و میهرەبانی ناسراون، بۆیە لەم دۆخە نەخوازراوەی بەسەر خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە ڕووی مرۆییەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچین و هاوکارییان بکەین." ناوبراو خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە هەولێری پایتەخت دەبێتە یەکەمین شوێن بۆ ڕاگەیاندنی ئەم کەمپینە.
سەبارەت بە میکانیزمی بەڕێوەچوونی کەمپینەکە، پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون دەست بە ئامادەکاری بکەن. بڕیارە لە سبەینێوە لە بەردەم "پارکی شانەدەر" گەورەترین خێوەت هەڵبدرێت بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان. هاووڵاتییان، خێرخوازان و کۆمپانیاکان دەتوانن لەو شوێنە هاوکارییەکانیان پێشکەش بکەن کە پێویستە بریتی بن لە کەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵ وەک (سۆبە، بەتانی، خۆراک، جلوبەرگی منداڵان) یان هاوکاریی ماددی.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم کارە تەواو مرۆییە و پەیوەندیی بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسییەوە نییە. ئەو گوتی: "ئەمە کەمپینی خەڵکی شاری هەولێرە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خوشک و برایانی لێقەوماومان."
لە کۆتاییدا، پارێزگار سوپاسی پێشوەختەی سەرجەم خێرخوازان، بازرگانان و دانیشتووانی پارێزگای هەولێری کرد کە هەمیشە لە کارە مرۆییەکاندا پێشەنگ بوونە و داوای لێ کردن بە هەمان گیانی بەخشندەییەوە بەشداری لەم کەمپینەدا بکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین هاوکاری بگەیەنرێتە دەست لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.