سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندی بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) كردووە و هەردوولا جەختیان لە گرنگی دیالۆگ و گفتوگۆ لە قۆناغی ئێستای سووریا كردۆتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی و مەزڵووم عەبدی دوایین پێشهاتەكانی سووریایان تاوتوێ كردووە، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی دیالۆگ و گفتوگۆ لە قۆناغی ئێستای سووریا كردۆتەوە.
دەقی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق:-
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دا.
لە میانەی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا کرا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییە و کاردانەوەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بارودۆخی عێراق.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی دیالۆگ و گفتوگۆ لە قۆناغی ئێستای سووریا كردۆتەوە، بەشێوەیەک کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر بکات و یەکڕیزی و ئاسایشی وڵات بپارێزێت و ڕێگری بکات لە هەڵهاتنی تیرۆریستان لە زیندانەکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری سووریا و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
20ى کانوونی دووەمی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.