سوپای سووریا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی شاری شەدادێ لە باشووری پارێزگای حەسەكە راگەیاند، جەختیشی كردەوە كە دوای ئازادكردنی تیرۆریستە داعشەكان لە زیندانی شەدادێ، هەوڵی دەستگیركردنەوەیان دەدەن.
سوپای سووریا لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردەوە: ئەندامانی سوپا چوونەتە نێو شاری شەدادێ لە سنووری پارێزگای حەسەكە، دوای ئازادكردنی تیرۆریستە داعشەكان لە زیندانی شەدادێ.
لە راگەیەنراوەكە هەروەها هاتووە: سوپا ئەركی كۆنتڕۆڵكردنی زیندانی و شاری شەدادێ دەوروبەری لە ئەستۆ دەگرێت و هەوڵی تەواو دەدات بۆ دەستگیركردنەوەی زیندانییە هەڵاتووەكان.
سوپای سووریا ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای تەواوكردنی كارەكانیان، ئەركی پاراستنی زیندانی شەدادێ دەدەن بە وەزارەتی ناوخۆ.
هەروەها هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە)یان تۆمەتبار كرد بە ئازادكردنی تیرۆریستە داعشەكانی نێو زیندانی شەدادێ دوای ئەوەی رەتیان كردبووەوە ئەركی كۆنتڕۆڵكردنی زیندانییەكە رادەست بكەن.
لای خۆشییەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندبوو كە زیندانی شەدادێ لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندا نەماوە كە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە.
هەسەدە لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەشدابوو، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق لە بەیانییەوە چەندان هێرشیان كردە سەر زیندانی شەدادێ.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو، هێزەكانمان رووبەڕووی سەرجەم هێرشەكان ببوونەوە و لەم پێناوەشدا چەندان شەهید و بریندارمان دا.
جەختیشیان كردبووەوە كە هەرچەندە بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان تەنیا دوو كیلۆمەتر لە زیندانییەكەوە دوورە، بەڵام ئەوان هیچ دەستوەردانێكیان بۆ پاراستنی زیندانییەكە نەكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.